سەبارەت بە پەروەردەکردنی نەفسی مرۆڤیشەوە
چەند حیکمەتێک لە ڕۆژوودا هەیە
یەکێک لەوانە ئەوەیە کە سروشتی "نەفس"ی مرۆڤ بە جۆرێکی وایە حەز دەکات لە هەموو خۆبەستنەوەیەک دەرباز ببێت و هەمیشە خۆی بە سەربەستی ببینێتەوە، بە ڕادەیەک کە داوای پەروەردگارێتییەکی وەهمی بۆ خۆی دەکات، تا بە ئارەزووی خۆی بجووڵێتەوە.
"نەفس" هەرگیز نایەوێت بیر بکاتەوە لەوەی کە بە نیعمەتە لەژمارەبەدەرەکانی خوای گەورە گەشـە دەکات و پـەروەردە دەکـرێت. بە تایبەت ئەگەر لە دنیادا خـاوەنی سـەروەت و دەستەڵات بێت و غەفڵەتیش پشتی گرتبێت. لەبەر ئەوە، وەک ئاژەڵ - بێ پرس - تەپ دەداتە سەر نیعمەتەکانی خوا و دەکەوێتە هەڵلووشینیان.
بەڵام لە ڕۆژووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا "نەفس"ی هەموو کەسێک، هەر لە زەنگینترین دەوڵەمەندەوە تا نەداراترین هەژار، دەکەوێتە ناسینی خۆی و تێدەگات کە خۆی خاوەنی هیچ شتێکی خۆی نییە و، مۆڵەت نەدراوە بە ئارەزووی خۆی ڕەفتار بکات، بەڵکو مـوڵکێکە و خاوەنێکی هەیە و بـەنـدەیەکی فەرمانبەردارە و بە بێ ڕوخســەت و فەرمانی خاوەنەکەی ناتوانێت دەست لە بچووکترین کار وەربدات، تەنانەت دەست بۆ قومێک ئاویش ڕابکێشێت!
بەم جۆرە، لەخۆباییبوون و پەروەردگارێتییە وەهمییەکەی "نەفس" دەشکێت و کاڵای بەندایەتی کردنی بۆ خوای گەورە دەپۆشێت و، ئەرکی سەرەکیی سەرشانی خۆی، کە شوکرانەبژێرییە، ڕادەپەڕێنێت.