بۆ خۆناسین و خوداناسین پێویستت بە تەنهایی هەیە
ئەو دەنگە دەنگ و هەرایەی کە ڕۆژانە بەدەوربەرمانەوە هەیە هەتا کاتی خەوتن ماوەمان نادات بۆ کەمێك پشو یان دووبارە هێنانەوەی وزەی نوێ. هەر لە مێژەوە میللەتی کورد وا ڕاهاتووە کە ئەو هۆسەیە بە دەوروبەریەوە هەبێت، ئەگینا هەر کە لە ماڵەکەیاندا هەستیان بە تەنهایی کرد ئەوا خێرا بۆچوونێکی بۆ دروست ئەبێت کە خەڵك و دۆستانیان ئەوانیان لەبیر کردووە. لەباتی ئەوەی خێرا سودێك لەو ساتە تەنهاییەیان وەربگرن و بەخۆیاندا بچنەوە کە ئایا ئەوان هیچیان لەبیر کردووە؟ ئایا ئەوان خۆیان، مناڵیان یان خوایان لەبیر ماوە؟
مرۆڤ هەتا لەو قەرەباڵغیە نەیەتە دەرەوە هەستەکانی بەباشی ناکرێنەوە، بیرکردنەوەکانی بەئاگای ناگەنەوە و ناتوانێت بەباشی لەگەڵ خودی خۆیدا دابنیشیت وەڵامی خۆی بداتەوە. مرۆڤ هەتا لەتەنهاییدا نەژی دەرك نە بە خۆی و نە بە سروشت و نە بە دەوروبەرو نە بە دروستکەرەکەشی ناکات. ئەوە لە تەنهاییدایە تۆ بە بێ بڕین و هیچ ڕێگرێك هیچ سنوردارکردنێك خۆت و خودای زەوی و ئاسمانەکان بدۆزیتەوە.
ئێمە دەوروبەر و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان زۆرترین وزەمان لێ ئەبات، هەتا ئەوەندە هیلاکمان ئەکات کە ئەو ساتانەی کە بەبێ ئەوانین لەبەر کەمی حەوسەڵەمان لە هەموو شت تووڕەین و نامانەوێ ئەو پشووە کەمەكهمان لێ تێك بچێت. بەمەش دیسانەوە ئێمە کاتمان لەخۆمان بڕیووە بۆ گەشەکردنی تەندروستی و دەروونی.
ئەوەی کە لەو کۆمەڵگە قەرەباڵغەدا کاتی بۆ تەرخان نەکرێت خۆناسین و خودا ناسینە. ڕاستە خۆناسین ڕۆشنبیریەکی زیاتری ئەوێت لەبەر ئەوەی دەبێت کات بدەیت بەخۆت و بزانی داخوازیەکانت چۆنن، بیرکردنەوەکانت سەبارەت بەخۆت و ژیان چۆنن، ڕەفتارەکانت چ کاریگەریەکی ئەرێنی یان نەرێنیان هەیە لەسەر خۆت و دەوروبەرت، چەند هەستەکانت و بیرکردنەوەکانت زاڵن بەسەرتا، و هتد. وە ڕاستیشە سەبارەت بە خوا ناسی ئەوەتا خەڵك کاتەکانی خۆیان ئەدەن بە نوێژکردن. بەڵام ئایا ئەو نوێژکردنە خێرایە دروستە کە لەکاتی نوێژدا خەیاڵەکانت لە شوێنێکیترن و تۆ تەنها لەشت لەوێدا بێت و ڕۆحت کە گرنگترینیانە لەکاتێکدا لەگەڵ خودادا قسە ئەکەیت بەڵام ئەو لە شوێنێکیتربێت !
لەتەنهایدا تۆ تەرکیزت باشتر ئەبێت کە بە وورد تر هەست بە بوونی خۆت و خودا بکەیت، هەست بە ڕۆحی خۆت بکەیت کە تۆ ڕۆحێکیت و بە بەر لاشەتدا کراوە و تەواوکەری تۆن. ڕەنگە تۆ بتوانیت هەست بەمە بکەیت کاتیك کە تۆ بڕیارێك بدەیت کە تۆ (لاشە و ڕۆحت) بۆ ماوەیەك بەتەنها بیت لە شوێنێکی دیاریکراودا. شوێنەکە با ئەوەبێت کە ئێمە لە ڕاهێنانە دەروونیەکاندا بە ژوورەکەی دەروون ناوی ئەبەین، یان ژورێك بێت لە ماڵەوەی خۆتاندا. یان لە دەشتێكدا دابنیشیت یان پیاسەبکەی، یان لەسەر چیایەکەوە سەیری ئەو هێزەبکەیت کە ئەم زەوی و ئاسمان و ئەستێرانەی ڕاگرتووە بە شێوەیەکی ماتماتیکی و جوانترین شێوە.
تۆ هەر لە تەنهایدایە ئەتوانی خۆت پاكبکەیتەوە سەبارەت بەو کاتانەی کە تۆ زوڵمت لە خودی خۆت یان کەسانیکیتر کردووە. هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بیربکەیتەوە و بنوسی، هەر لەتەنهایدایە تۆ داهێنان ئەکەیت، هەر لە تەنهایدایە تۆ ئەتوانی بڕیار بدەیت و ئامانجەکانت دابنێیت، هەر لەتەنهایدایە تۆ دەتوانی باشتر بگریت و خۆت ڕاوەشێنیت هەتا دەبیتەوە بە مرۆڤێکی نوێ، هەر لەتەنهایدایە تۆ باشتر ئەتوانی بەراورد بکەیت لەنێوان بیرکردنەوەیەکی باش و خراپدا، جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەو هەستانەی کە بەهۆی ڕەفتاریکی باشەوە یان خراپەوە بۆت هاتوون، هتد.
هەموومان ئەتوانین رۆژانە کاتێك تەرخان بکەین بۆ تەنهای بوونمان هەتا خۆمان و خودا لەبیر نەکەین و بەباشترین شێوەیش یادیان بکەین، لەبەر ئەوەی ژیان مانایەکی ترت ئەداتێ کاتێك هەموو شت بۆ خودا بکەیت. تۆش هیچ دوودڵ مەبە و هەنگاو بنێ بەرەو کردنەوەی دەرگایەك بۆ ئەوەی تەنها بیت. کە دەرگای تەنهایت کردەوە تۆ (لەش و ڕۆحت) لەگەڵ خوا دا پێکەوە ئەبن کە دەروازەیەك ئەبیت بۆ ڕۆشناییەکی هەتا هەتایی.